ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە وڵاتێکی ئەوروپی بووە هۆی کوژرانی هێرشبەرێک و برینداربوونی کارمەندێکی ئەمنی.
ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی سڕبیا ڕایگەیاند، پۆلیسێکی پاسەوان لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە شاری بێلگراد بە دەستڕێژی گولە مێرمنداڵێکی چەکداری کوشتووە، کە بە دوو چەقۆ هەوڵی کوشتنی کارمەندە ئەمنییەکەی باڵیۆزخانەکەی دابوو.
ئیڤیتسا داچیچ، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕووداوەکەی وەک هێرشێکی تیرۆریستی پۆلێن کرد و ئاشکرای کرد، کارمەندەکەی پۆلیس لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆکردندا تەقەی کردووە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووداوەکەدا لە دەموچاویدا بە سووکی بریندار بووە.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکان، هێرشبەرەکە پێشتر لە ژێر چاودێریی ورددا بووە بەهۆی پشتگیریکردنی لە ڕێکخراوی داعش، هەروەها لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاڵای ئەو گرووپەی بڵاوکردووەتەوە.
بەهۆی ئەم مەترسییە، حکومەتی سڕبیا ئاستی هۆشداریی ئەمنیی بۆ "هێڵی سوور" بەرزکردەوە، ئەمەش بڵاوەپێکردنی چڕی هێزەکانی پۆلیس لە ناوەندە هەستیارەکان، ژێرخانە بنەڕەتییەکان و شوێنە گشتییەکان لەخۆ دەگرێت.
ئەمە دووەم ڕووداوی هاوشێوەیە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە بەردەم هەمان باڵیۆزخانە ڕووبدات، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی 2024 چەکدارێکی توندڕەو بە تیروکەوان هێرشی کردە سەر پاسەوانێکی باڵیۆزخانەکە و بە سەختی برینداری کرد.