لە پێناو پاراستنی ئاسایشی میوانان و بەڕێوەچوونی کەشێکی ئارام، لێژنەی ئەمنیی هەڵەبجە بردنە ژوورەوەی هەر جۆرە چەکێک، یاریی ئاگرین و تەقەمەنی بۆ ناو فێستیڤاڵی هەناری پارێزگاکە قەدەغە دەکات.

پارێزگای هەڵەبجە ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی کۆتایی پێهێنا و بانگهێشتی هاووڵاتییان و سەردانیکەران دەکات، بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا.

بڕیارە سبەی چوارشەممە دوانزەهەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بە فەرمی دەست پێبکات و چالاکییەکانی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، تاوەکو ڕۆژی شەممە (31ی تشرینی یەکەمی 2026) بەردەوام بن.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە داوا لە هاووڵاتییان و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە دەکات، کە تەواو پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن و خۆیان لە هەڵگرتن و بردنە ژوورەوەی هەر جۆرە چەک و کەرەستەیەکی قەدەغەکراو بپارێزن تاوەکو چالاکییەکە بە شێوەیەکی ئارام و ئاسودە بەڕێوە بچێت.

ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی زیاتر لە 550 باخەوان، جووتیار و دروستکەرانی بەروبوومی دەستی و ناوخۆیی بەڕێوە دەچێت، کە کەپڕ و شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان کراوە.

لەلایەکی ترەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی دوانزەهەمین فێستیڤاڵی هەناردا، سەرجەم بەشەکانی ڕاپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕادەگیرێت.

ئامانجی سەرەکی لە بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە، نمایشکردن و ساغکردنەوەی بەروبوومی خۆماڵیی پارێزگاکە بەتایبەت هەنار و دۆشاو و بەرهەمە دارەکانی دیکە، هاوکات هۆکارێکیشە بۆ بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و پاڵپشتیکردنی ئابووریی بنەماڵە و جووتیارانی ناوچەکە.