ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاری تەواوییان بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران کردووە، لەمبارەیەوەش هۆشداری بە وڵاتانی ناوچەکە دەدەن.
ئەمڕۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرای کرد، ئەمریکا بە ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی کەنداوی گوتووە، کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تووند دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی وڵاتەکە دژی ئێران دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش تا ئێران زۆر لاواز بکەن و ناچاری بکەن بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا مووشەکی زیاتری سیستەمی بەرگری ئاسمانی (پاتریۆت)ـی ناردووەتە ئیسرائیل، هاوکات ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە بنکە سەربازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستووەتەوە شوێنی دوورتر، تا لەئەگەری زیان بەرکەوتن بەهۆی جەنگەکە دووربکەونەوە.
هەندێک بەرپرسی ئەمریکا ئاماژەیان بە هەوڵەکانی ئەمریکا لەم دوایانە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی، فرۆکەی جەنگی و بۆمبەرەکان کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە جگە لەوەی گرووپێکی تری کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و یەکەیەکی نێردراوی مارێنز ئامادەن بۆ ئەوەی مانگی داهاتوو پەیوەندی بە کەشتیگەلێکی سەربازییەوە بکەن، کە لە نزیکەی 20 کەشتیی جەنگی تر پێکاتووە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاردەکەن.
لەبارەی جەنگەوە تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری یەکلاکەرەوی نەداوە، بەڵام زانیارییە هەواڵگرییەکان دەری دەخەن کە ترەمپ ویستی هەیە دوای هەڵبژاردن بڕیاری هێرشێکی زۆر فراوان بدات، کە ئەمجارە ژێرخانەکانی وزە و وێستگەکانی ئەتۆمی ئێران دەکاتە ئامانج.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەچوو و بەپێی جیاکردنەوەی فەرمیی 55٪ـی دەنگەکان بێت، بەرەی بنیامین نەتەنیاهو 57 کورسی هێناوە و زۆرینەیە. پێشبینی دەکرێت ئەگەر دووبارە ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی وڵات، هێرش دەکاتەوە سەر ئێران و بە گوتەی خۆشی بێت، "ئەمجارە کارەکە تەواو دەکات و ڕژێمی ئێران دەگۆڕێت."