لەپێناو پێدانی دەرفەت بە خوێندکارانی دەرنەچوو و ئاسانکاریکردن بۆ کەرتی تایبەت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاقیکردنەوەی خولی سێیەمی بۆ قوتابخانەکان پەسەند کرد و بڕیاری سڕینەوەی سزای باجی لەسەر زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان دا.
ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، کۆبوونەوەی ئاسایی بیست و پێنجەمی خۆی ئەنجام دا، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتیی وڵات و بابەتەکانی سەر خشتەی کار کرا و کۆمەڵێک بڕیار و ڕێنمایی نوێ لە بوارەکانی پەروەردە، باج، نەوت، خزمەتگوزاری و ژینگە پەسەند کران.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەپێناو پێدانی دەرفەت بە خوێندکارانی دەرنەچوو، بڕیاری دا بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی سێیەم بۆ پۆلە کۆتاییەکان. بڕیارەکە ئەم توێژانە لەخۆدەگرێت:
-قوتابییانی شەشەمی سەرەتایی دەرنەچوو لە خولی دووەم.
-قوتابییانی سێیەمی ناوەندی و شەشەمی ئامادەیی (بە هەموو بەشەکانییەوە) لە دەرنەچووانی خولی دووەم.
-قوتابییانی دەرەکی و قوتابخانە ئێوارانییەکان.
بەپێی بڕیارەکە، وەزارەتی پەروەردە بڕی 25 هەزار دینار بۆ هەر وانەیەکی تاقیکردنەوە لە قوتابییان وەردەگرێت و داهاتەکەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان تەرخان دەکرێت بۆ دابینکردنی کرێی تاقیکردنەوەکان.
لە بواری باجدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە 336ی ساڵی 2026ی هەموار کردەوە، بەپێی هەمووارەکە:
- وەزارەتی دارایی 100%ی سزای دارایی و سزاکانی دواکەوتنی سەر زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگا تایبەتەکان دەسڕێتەوە، بە مەرجێک لە ماوەی 6 مانگدا ئەسڵی باجە شایستەکەیان بدەنەوە.
- ئەگەر لە ماوەی 6 مانگی دواییدا باجەکە بدەنەوە، 50%ی سزاکانیان بۆ خۆش دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی دا لەسەر هەموارکردنی بڕیاری ژمارە 555ی ساڵی 2025 سەبارەت بە مۆڵەتەکانی هاوردەکردنی ڕۆنی بزوێنەرەکان و ڕێنماییەکانی وەزارەتی نەوت، تاوەکو هاوردەکردنی ڕۆن و چەورکەرەکان تەنیا بە وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوت بێت و پێویست بە دەرکردنی مۆڵەتی هاوردەکردن.
لە بواری ژینگەییدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە لادانی ڕاگر و پەستێنەرێکی خۆڵ و خاشاک و زێدەڕۆییەکانی سەر زەوییەکی وەزارەتی تەندروستی لە بەغدا/کەرخ، بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندیی ژینگەیی.
دەرفەتی نوێ بە قوتابییە دەرنەچووەکان دەدرێت
کورتە
وەزارەتی پەروەردە بڕی 25 هەزار دینار بۆ هەر وانەیەک لە قوتابییان وەردەگرێت.