11 پاشماوەی داعش دەستگیر کران

لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا 11 ئەندامی داعش لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستگیرکران
دەزگای دژە تیرۆری عێراق ڕایگەیاندووە، 11 ئەندامی ڕێکخراوی داعشیان لە چەند ناوچەیەک دەستگیر کردووە.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا هێزەکانیان توانیویانە چەند ئەندامێکی داعش دەستگیر بکەن و دەست بەسەر چەندین تونێل و شوێنی خۆ حەشاردانی ئەو هێزە تیرۆریستییانەدا بگرن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای دژە تیرۆری عێراقدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا پێنج چەکداری داعش لە پارێزگای نەینەوا دەستگیر کراون و لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەشدا چەند ئەندامێکی ئەو ڕێکخراوەیە لە ناوچە جیاجیاکانی کەرکووک دەستگیر کراون.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق ئەوەشی باس کردووە، کە بە هاوکاریی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، توانیویانە لە سلێمانیش ئەندامێکی داعش دەستگیر بکەن، هەروەها لە تیرۆریستێکی دیکەشیان لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر کردووە.
هاوکات لەگەڵ دەستگیر کردنی ئەو ئەندامانەی ڕێکخراوی داعش، دژە تیرۆری عێراق دەستی بەسەر 13 تونێل و حەشارگەی ئەو هێزانەدا گرتووە، کە چەندین جۆری چەک و تەقەمەنیی تێدا بووە و شوێنەکانیان پاک کردووەتەوە.