لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 40 پڕۆژەی نوێی پیشەسازی و وەبەرهێنان دەچنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ دەستەی وەبەرهێنان و ئیدارەی خۆجێیی هەولێر ڕایانگەیاند، 38 پڕۆژەی پیشەسازی و کارگەی جۆراوجۆر پەسەند کراون و ئامادەن بچنە بواری کارپێکردنەوە، بە گوێرەی زانیارییەکان، کارگەیەکی گەورەی پیشەسازی بۆ بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ناوماڵ و ئامێرە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکان لەسەر ڕێگای کانی قرژاڵە - کەڵەک دادەمەزرێت تا پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ دابین بکات.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕوونیکردەوە، ئەم پڕۆژانە لە ڕێگەی ئەو دەسەڵاتانەوە بەڕێوەدەبرێن کە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەخشراونەتە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بە جۆرێک ئەنجوومەنێکی تایبەت بە سەرپەرشتیی پارێزگار ئەرکی بەدواداچوونی گرتووەتە ئەستۆ.
شوێنی زۆربەی پڕۆژە پیشەسازییەکان، لە ناوچەی پیشەسازیی تیمار جێگیر دەکرێن و لە ئێستادا زەویی پێویستیان بۆ دابین دەکرێت، لە هەمان کاتیشدا شوێنێکی تایبەت بۆ پیشەسازیی قورس لە سنووری هەولێر دیاری دەکرێت.
بەرپرسانی ئیدارەی شارەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە، دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە دەرگای هەلی کاری نوێ بۆ هاووڵاتییان دەکاتەوە و جووڵەی پارە لە بازاڕدا زیاد دەکات، هەروەها پەرەپێدانی ئەم ژێرخانە پیشەسازییە دەبێتە هاندەرێکی بەهێز بۆ وەبەرهێنەران تا سەرمایەکانیان لە دروستکردنی کارگەی نوێ و بەرهەمهێنانی کەرەستەی ناوخۆییدا بەکار بهێنن.
38 پڕۆژەی پیشەسازی و کارگەی جۆراوجۆر لە هەولێر پەسەند کراون
کورتە
پەسەندکردنی 38 پڕۆژەی پیشەسازی و کارگەی نوێ لە هەولێر، دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی پارێزگاکە.