لە چوارچێوەی بەرزبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان گرووپی چەکداریی حووسییەکان و وڵاتی سعودیە، گرووپە چەکدارەکە بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر چەندین ناوەندی هەستیاری نەوتی و سەربازی لە سعودیە.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان لە ڕێگەی مووشەکی بالیستییەوە هێرشیان کردووەتە سەر گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی سعودیە لە ناوچەی ڕەئس تەنورە و بینای وەزارەتی بەرگری لە شاری ڕیازی پایتەختی وڵاتەکە.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکەی سەر پاڵاوگەکە ئاگرکەوتنەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە و لێدانی بینای وەزارەتی بەرگریش ئامانجەکەی پێکاوە، هاوکات 2 فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی و فڕۆکەخانەی ئەبهایان بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا هاوپەیمانێتیی سەربازیی بە سەرۆکایەتیی سعودیە ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە توانیویەتی 2 مووشەک لە ئاسمانی پایتەختەکەی و 3 مووشەکی دیکەش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە تێکبشکێنێت.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و هەرێمایەتیش، بەرپرسێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوە یەمەنییەکە بڕیاری پەرلەمانی میسری بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی سەربازی بە سعودیە وەک ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی یەمەن وەسف کرد.
ئەم ئاڵۆزییانە، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی بەرپرسانی باڵای هەواڵگری و سەربازیی چەند وڵاتێکی ناوچەکە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ململانێی سەربازی لە یەمەنیش لە مانگی تەمووزی ڕابردووەوە جارێکی تر گەرم بووەتەوە و بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی سعودیە هەڕەشە لە ئاسایشی ئابووریی جیهان دەکات.