لە چوارچێوەی هەڵمەتە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پۆلیس توانییان 2 تۆمەتبار لەسەر هەڕەشەکردن و پارە سەندن دەستگیر بکەن.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، هێزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوان توانیویانە لە قەزای کەلار کەسێک بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیر بکەن، هاوکات لە هەڵمەتێکی تردا، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان تۆمەتبارێکی دانیشتووی شارۆچکەی هەریری دەستبەسەر کردووە، کە بەپێی مادەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی پۆلیسی گەرمیان، تۆمەتباری دووەم لە ڕێگەی هەژمارێکی ساختەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بە ناوی "بێخاڵ جەمال" خۆی وەک ئافرەت نیشانی بەکارهێنەران داوە و پیاوانی هەڵخەڵەتاندووە.

تۆمەتبار پاش دەستکەوتنی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت، هەڕەشەی لە قوربانییەکان کردووە و لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەیاندا پارەی لە چەندین کەس وەرگرتووە. ئێستاش دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی سنوورەکە کردووە، هەر کەسێک لە لایەن ئەو هەژمارە ساختەیەوە فریو دراوە و هەڕەشەی لێ کراوە، سەردانی بەشی نەهێشتنی تاوان بکات تا سکاڵای فەرمی تۆمار بکات و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبار بگیرێتە بەر.