لە چوارچێوەی هەوڵە دامەزراوەییەکان بۆ کەمکردنەوەی پێشێلکارییە کۆمەڵایەتییەکان، بڕیار درا بە پێداچوونەوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی.
ئەمڕۆ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، کار لەسەر پێداچوونەوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان دەکرێت تا ئەو ئاستەنگانە چارەسەر بکرێن کە لە کاتی جێبەجێکردندا هاتوونەتە پێشەوە.
وەزیری ناوخۆ ڕوونیکردەوە، ئەم یاسایە لە ساڵی 2011 دەرچووە و دەستکەوتێکی پێشکەوتوو بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام قۆناغی جێبەجێکردن هەندێک ئاڵۆزی و ناڕوونی لە دەقی ماددەکاندا بۆ دادوەران دروست کردووە، هاوکات ئاستەنگ لە گواستنەوە و داڵدەدانی قوربانییان لە پەناگەکاندا هەیە.
بەم مەبەستە، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە بەشداریی وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنی باڵای خانمان و سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA)، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و یەکێتیی زانایان بەڕێوەچوو.
ئامانجی سەرەکیش لەم هەنگاوە، بریتی بوو لە یەکخستنی تێگەیشتنی دادوەران بۆ دەقە یاساییەکان و دەرکردنی ڕێنمایی نوێ لەگەڵ پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە حکومییەکان لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە لە ڕێگەی وتاری ئایینی و ناوەندە تایبەتمەندەکانەوە دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ پاراستنی مافی ژنان و کەمکردنەوەی کێشە خێزانییەکان.
هاوکات یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی تاوتوێکردن لەم کۆبوونەوەیەدا، بریتی بوو لە چاکسازی لە شێوازی کارکردنی لێژنەکانی ئاشتەوایی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ قوربانییانی دەستی مەترسیی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2011 یاسای ژمارە 8ـی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی پەسەند کرد، بەڵام لە ساڵانی دواییدا چەندین جار داوای دەستکاریکردنی بڕگەکانی کرا بە مەبەستی گونجاندنی لەگەڵ دۆخی ئێستادا.
پێداچوونەوە بە یاسای کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیدا دەکرێت
کورتە
بە مەبەستی نەهێشتنی ئاستەنگەکان و باشترکردنی پاراستنی مافی ژنان و خێزان، هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیدا دەکات.