لەپێناو پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکانی سەر میلاکی پەروەردە و خوێندنی باڵا، وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی ڕەشنووسی ڕێنماییەکانی بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی (لەجێگەدانان)یان واژۆ کرد و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کرد.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ڕێنماییەکان لە وەزارەت لەگەڵ ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بە مەبەستی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێنمایی و ڕێکارە پێویستەکان تایبەت بە بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی لەجێگەدانان.
وەزارەتی دارایی باسی لەوە کرد، کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (303) لە ڕێکەوتی 16ی ئەیلوولی 2026 ئەنجام درا، کە تایبەتە بە پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و کارمەندانەی بەشێوەی جیاجیای گرێبەست لەسەر میلاکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (لەسەر داهاتی ناوخۆ) دامەزرابوون، دواتر بە هۆکارەکانی خانەنشینبوون، کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان هەر هۆکارێکی تر کۆتایی بە خزمەتیان هاتووە.
لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هاتووە، دوای گفتوگۆیەکی ورد و هەمەلایەنە لەلایەن تیمەکانی هەردوولاوە، ڕەشنووسی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئامادە کرا و لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی ڕاژەوە واژۆ کرا.
لە کۆتاییدا وەزارەتی دارایی جەختی لەوە کردەوە، ڕەشنووسەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت تاوەکو پەسەند بکرێت، بە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی یەکسان و پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان بە کەسانی شایستە و بەپێی مەرج و پێوەرە تایبەتەکان.