پایتەخت

ترەمپ: لەم کۆبوونەوەیە نا بەڵام لە کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ پووتین زێلێنسکیش دەتوانێت بەشدار بێت

ترەمپ: لەم کۆبوونەوەیە نا بەڵام لە کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ پووتین زێلێنسکیش دەتوانێت بەشدار بێت
کورتە

ترەمپ لە بارەی کۆبوونەوی لەگەڵ پووتین و زێلێنسکی زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات



سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پووتین، سەرۆکی ڕووسیا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەی داهاتوو زێلێنسکیش بەشدار بێت لەگەڵیان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی کۆشكی سپی ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی پووتین، سەرۆکی ڕووسیا دەبینم و گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە دەکەین و پێی دەڵێم، دەبێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنیت، دوای کۆبوونەوەکە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپا دەکەم، کۆبوونەوەی داهاتوو لە نێوان پووتین و زیلێنسکی دەبێت، ئەگەر پێویستیش بکات، منیش ئامادە دەبم.

ترەمپ جەختیشی کردەوە، هەر لە دوو خولەکی سەرەتای کۆبوونەوەم لەگەڵ پووتین دەزانم کە بەرپابوونی ئاشتی لە نێوان ئەم دوو وڵاتە ئەگەری هەیە یان نا.

هۆکاری بەشداری نەکردنی ڤلۆدیمێر  زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، تا ئێستا پووتین ڕازی نەبووە و چەند مەرجێکی داناوە، کە تا  زێلێنسکی پێیان ڕازی نەبێت لەگەڵی کۆنابێتەوە، ئەوانیش دەبێت رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، كە ناوچەیەکە بە هەرێمی دۆنباس ناسراوە، رادەستی ڕووسیا بکاتەوە، لەگەڵ دەستبەرداری نیمچەدوورگەی کریمیا بێت کە لە 2014ـەوە ڕووسیا کۆنتڕۆڵی کردووە، لە کاتێکدا زێلێنسکی دەستبەرداربوونی خاکی وڵاتەکەی بەهەموو شێوەیەک ڕەت کردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، وا بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو، لە ویلایەتی ئەلاسکای ئەمریکا، هەر یەک لە دۆناڵد تەرمپ و ڤلادینێر پووتین کۆببنەوە و پرسی جەنگی ئۆکراینا تاوتوێ بکەن.

12 ئاب 2025 12:22
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025