وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە کارمەندانی ناپێویست و خێزانەکانیان کرد دەستبەجێ خاکی عەرەبستانی سعودیە جێ بهێڵن، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی مەترسییە ئاسایشییەکان و هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانە مهدهنییهكان.
ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز لە ئاگادارییەکی ئاسایشی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، سەرجەم کارمەندانی حکومەتی ئەمەریکا لە سعودیەدا پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەتی سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکەیە بۆ بەکارهێنانی هەر فڕۆکەخانەیەکی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی لەو وڵاتەدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانە، هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان بوونەتە هۆی شڵەژانی توند لە گەشتە ئاسمانییەکاندا، بە جۆرێک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا خالید لە ڕیاز بە شێوەیەکی سنووردار کراوەتەوە و بەشێک لە گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی شازادە نایف لە قەسیم گوێزراونەتەوە.
هاوکات لە فڕۆکەخانەکانی شا عەبدولعەزیز لە جەددە و شا فەهد لە دەمامدا، دەیان گەشت هەڵوەشێندراونەتەوە یان دواکەوتوون.
ئەمریکا ڕێنمایی داوەتە هاووڵاتییانی کە لە کاتی پێویستدا ڕێگەی وشکانی وەک پاس، شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێلی تایبەت لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە بەتایبەت پردی شا فەهد بەرەو بەحرێن بەکار بهێنن.
باڵیۆزخانەکە هۆشداریشی داوە لە قەدەغەبوونی وێنەگرتن لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە، کە بەهۆی سەرپێچیکردنی ئەو یاسایەوە چەند هاووڵاتییەکی ئەمەریکی دەستگیر کراون.
پێشتر لە ڕێکەوتی 10/10/2026 حووسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا خالید لە ڕیاز و بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەست دا کە یەکێکیان هاووڵاتییەکی ئەمریکی بوو.