هه‌رێمی كوردستان و توركیا هه‌ماهه‌نگی زیاتر دروست ده‌كه‌ن و گرنگی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌ده‌ن، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و باڵیۆزی توركیا دیدارێكیان ئه‌نجامدا.

 

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، لە شاری هەولێر پێشوازی لە ئانیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

 

لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە خرایە بەرباس.

 

هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی پەرەپێدانی هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.

 

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، تیشک خرایە سەر دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

هەرێمی کوردستان و تورکیا خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری، بازرگانی و ئەمنین و ئەنقەرە بە یەکێک لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی هەولێر دادەنرێت لە ناوچەکەدا.