شەپۆلێکی ناجێگیری کەشوهەوا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە هەورەبروسکەی بەهێز، تاوەبارانی بەخوڕ، تەرزە و دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرمای لەگەڵدایە.
ئەمڕۆ ئاراس جەبار، شارهزای كهشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی کاریگەریی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، لە نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 28/10/2026ـەوە گۆڕانکاریی کەشوهەوا دەست پێدەکات.
بهپێی ئهو كهشناسه، سەرەتای کاریگەریی شەپۆلەکە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق، پارێزگای دهۆک و دەڤەری زاخۆ دەردەکەوێت، بە چالاکبوونی هەورەبروسکەی بەهێز و تاوەبارانی بەخوڕ. لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا شڵەژانی کەشەکە بەرەو سنووری پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک، دەڤەری سۆران و ڕاپەڕین پەل دەهاوێژێت، بە بارینی تاوەبارانی مامناوەند و بەخوڕ.
هاوکات پلەکانی گەرما لە چاو ڕۆژانی پێشوو بە بڕی 4 تا 5 پلە دادەبەزن و خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت بە ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵات.
ئاراس جهبار ئاشكرای دهكات، لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 29/10/2026 کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆکە فراوانتر دەبێت و پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دەڤەری گەرمیان دەگرێتەوە، کە لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئەگەری بارینی تەرزە هەیە و ئەم شەپۆلە تا ئێوارەی ڕۆژی هەینی 30/10/2026 بەردەوام دەبێت.
دهشڵێت: "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 2/11/2026 شەپۆلێکی تری بەهێزتر ناوچەکە دەگرێتەوە."
لەگهڵ هاتنی وەرزی پاییز ناوچەکانی هەرێمی کوردستان كهوتوونهته ژێر کاریگەریی بارستەهەوا جیاوازەکانی دەریای ناوەڕاست، کە بووهته هۆی دروستبوونی کەشێکی ناجێگیر و تاوەبارانی لەناکاو لە ناوچە شاخاوییەکان.