سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی پڕۆژەی ڕێگەی دووسایدی شێخان - باعەدرێی کردەوە، کە دوو مانگ پێش وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو کرابوو و کەوتە خزمەتی هاووڵاتییان.

 

پڕۆژەی ڕێگەی دووسایدی شێخان – باعەدرێ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ژێرخانی ڕێگاوبان لە پارێزگای دهۆک و بە گوژمەی 15 ملیار و 498 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکە جێبەجێ کراوە.

 

پڕۆژەکە لە 22ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستی پێکرد و لە 20ی ئەیلوولی 2026 بە ڕێژەی 100٪ کارەکانی کۆتایییان هات؛ ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی گرێبەست دەبووایە لە 25ی تشرینی دووەمی 2026 ڕادەست بکرێت، واتە زیاتر لە دوو مانگ پێش وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو کراوە.

 

ئەم ڕێگە دووسایدە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، لە ئاسانکاریی هاتووچۆی هاووڵاتییان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان دهۆک، ناحیەی ئەترووش، ناحیەی قەسرۆک و سەنتەری قەزای شێخان، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا.