وەزارەتی جەنگی ئەمریکا چاوەڕوانی فەرمانی 'ترەمپ'ـە، تا ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە دژی ئێران دەستپێبکاتەوە.

ئەمڕۆ کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکا ئاشكرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی 96 کاتژمێری داهاتوو ئامادەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازین لە دژی ئێران، لە ئێستادا تەنیا لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەستاون.

بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بە سووربوونی وڵاتەکە لەسەر دەستپێکردنەوەی هێرشەکان داوە، بەشێوەیەک کە ئەمجارە بابەتەکە "تەنیا لەسەر کات وەستاوە". تا ئێستا ترەمپ بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەداوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەگەر لەو ماوەی 96 کاتژمێرەدا هێرش نەکەن، بەئەگەری زۆرەوە دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هێرشەکان دەستپێدەکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی سی ئێن ئێن، هێزی پێویست لە ناوچەکە جێگیرکراوە تا هێرشێکی فراوان دەستپێبکەنەوە. ئەمجارە تەنیا بەئامانجگرتنی ڕادار و شوێنی هەڵدانی مووشەک ناگرێتەوە کە ئێران دەتوانێت بە ئاسانی بنیادیان بنێتەوە، بەڵکو وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و فەرماندەی ناوەندی وڵاتەکە لیستێکی ئامانجەکانیان ئامادەکردووە، کە ژێرخانی وزە، بنکەی سەربازی و وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەگرێتەوە.

زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پێشبینی دەکەن لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، ئێران و حوسییەکانی یەمەن وەک تۆڵەکردنەوە، بەرپرسانی ئەمریکا و وێستگەکانی وزەی وڵاتان لە ناوچەکە بکەنە ئامانج.

پێشووتر یاداشتێکی نهێنی ئاڕاستەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرابوو و تێیدا هاتبوو، ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسە دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ژمارەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم کرانەوە.