دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ پەیامێکی لهبارهی ئاڵۆزی و پشێوییەکانی فەڕەنسا بڵاوکردەوە، تیشكی خسته سهر تێكنهچوونی مزگەوتهكان و ئەم دۆخەی وەک پەرجوو (موعجیزە) وەسف کرد.
ئەمڕۆ پێگەی هەواڵیی جەی فید بڵاویکردەوە، ترەمپ پەیامێکی کێڤن سۆربۆ، نواندکاری ناسراوی ئەمریکی هاوبەش کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە لە ئاژاوەکانی فەڕەنسادا تەنانەت مزگهوتێكیش تێک نەدراوە؛ ترەمپیش لەسەر ئەو پەیامە دەستەواژەی 'دەبێت پەرجوو بێت'ی وەک سەرنجی خۆی زیاد کردووە.
ئەم نووسینەی ترەمپ دەنگدانەوەیەکی فرەوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست کردووە و وەک ئاماژەیەکی توانجئامێز بۆ ناسنامەی خۆپیشاندهران و ئاراستەی هێرشەکانی ناو فەڕەنسا لێکدرایەوە؛ ڕەخنەگران پێیان وایە ئەم لێدوانە تۆمهتباركردنی موسوڵمانانه و به ناڕاستهوخۆ دهیهوێت به بكهر و داڕێژهری تێكچوونی دۆخی وڵاتهكه ناوزهندیان بكات.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە 39 ڕۆژە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە فەڕەنسا بەردەوامە و لە 17ی ئەیلوولی 2026ەوە لە شاری کریتێی نزیک پاریس بە ناڕەزایەتیی قوتابییان دەستی پێکرد. دواتر ناڕەزایەتییەکان پەرەیان سەند و شارەکانی تریشی گرتەوە.
خۆپیشاندانەکان لە 17ی تشرینی یەکەمدا گەیشتنە بەرزترین ئاست و بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە 550,000 کەس بەشدارییان تێدا کرد، کە بە ئاڵۆزی و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس کۆتایی هات.
لە خۆپیشاندانەکانی 24ی تشرینی یەکەمیشدا 410,000 کەس لە سەرانسەری فەڕەنسا و 110,000 کەس لە پاریس ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام ئاستی توندوتیژییەکان بەراورد بە هەفتەی پێشوو کەمتر بوو.