پایتەخت

کڕینی یەک تانکەری ئاو پێویستی بە 24 کاتژمێرە

کڕینی یەک تانکەری ئاو پێویستی بە 24 کاتژمێرە
کورتە

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لە پڕۆژەی قولەی ڕانیە هەزارەها ماڵ تووشی کەم ئاوی بوون

 

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لە پڕۆژەی قولەی ڕانیە هەزارەها ماڵ تووشی کەم ئاوی بوون، نۆرەگرتن بۆ کڕینی یەک تانکەری ئاو پێویستی بە 24 کاتژمێرە لەمبارەیەوە بەڕێوبەری ئاوی ڕاپەڕین ڕوونکردنەوە دەدات.

 ئەمڕۆ دووشەممە سەلام عومەر، بەڕێوبەری ئاوی ڕاپەڕین دەربارەی کەم بوونەوەی ئاو لە سنووری ڕانیە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی کەشناسی ڕانیە کاریگەری وشکە ساڵی زیاتری لەسەرە، لە %60ــی ئاوی خواردنەوە لە ڕێگەی پڕۆژەی قولە دابین دەکرێت، بەڵام بەهۆی کەم بارانی بەڕێژەی %80 ئاستی ئاوەکە دابەزیوە.

شێوازی دابەشکردنی ئاو لە ڕانیە دەخاتەڕوو، ڕۆژێک نا ڕۆژێک کەمتر لە کاتژمێرێک ئاو دابەش دەکرێت، ئەمەش وایکردووە ئەو بڕەی بۆ ماڵان پێویستە دابین نەکرێت.
بەڕێوبەری ئاوی ڕاپەڕین دووپاتی دەکاتەوە، تەنانەت بەهۆی وشکە ساڵییەوە ئاوی ژێر زەوی 20 مەتر زیاتر دابەزیوە و بووەتە هۆی وشکردنی 5 بیر.

سەبارەت بە رێژەی ئەو ماڵانەی بێ ئاو بوون ئاشکرا دەکات، زیاتر لە 13 هەزار ماڵی گەڕەکە کۆنەکانی ڕانیە تووشی گرفتی کەم ئاوی بوون.

سەلام عومەر سەبارەت بە کڕینی تانکەری ئاو ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو یەکەمین جارە ئاو بفرۆشرێت، کڕینی یەک تانکەری ئاو پێویستی بە 24 کاتژمێرە وەستان و نۆرەگرتن هەیە.

ناوبراو لە کۆتایید ئاماژە بە نرخی تانکەری ئاو دەکات، ڕێگەمان نەداوە خاوەن تانکەرەکان قۆرخکاری بکەن و دۆخەکە بقۆزنەوە، ئێستا نرخی تانکەری ئاو لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار دینارە

11 ئاب 2025 21:20
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025