هەر کەسێک بەشەخۆراکەکەی وەرنەگرێت ناوی لە پسووڵەی خۆراک دەسڕدرێتەوە

لەگەڵ دانانی سیستمی نوێکردنەوەی پسووڵەی خۆراک گۆڕنکاری لە شێوازی وەرگرتنی بەشەخۆراک دەکرێت
لەگەڵ دانانی سیستمی نوێکردنەوەی پسووڵەی خۆراک گۆڕنکاری لە شێوازی وەرگرتنی بەشەخۆراک دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە ڕێگەی پایتەخت میدیاوە هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەربارەی بڕیارێکی نوێ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ئێستادا لە چوارچێوەی سیستمی ئەلیکترۆنی پسووڵەی خۆراکین بڕیارمانداوە لەمەوبەدوا نابێت بەشەخۆراک لای بریکارەکان بمێنێتەوە و ڕاستەوخۆ بگەڕێندرێتەوە کۆگاکان.
دەربارەی سڕینەوەی ناوی هاووڵاتییان لە پسووڵەی خۆراک گووتی، هەر هاووڵاتییەک لەکاتی دابەشکردنی بەشەخۆراک بەشەکەی وەرنەگرێت و لای بریکارەکان بمێنێتەوە، ڕاستەوخۆ ناوی لە پسووڵە دەسڕدرێیەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەربارەی هۆکاری بڕیارەکەش جەختی لەوەکردەوە، لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە بۆ ئەوەی بریکار بەشەکەی لێ نەخوات و هاووڵاتییش لەکاتی وەریبگرێت.
شایەنی باسە لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە، لە ڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنی پسووڵەی خۆراکەوە هاووڵاتی ئاگادار دەکرێتەوە لە دابەشکردنی بەشەخۆراک.
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کەلوپەلی بازرگانی هەولێر بڵاویکردەوە، هەر هاووڵاتییەک کەمتەرخەم بێت و نەچێت بەشەخۆراکەکەی وەربگرێت ئەوا ناوی لە پسووڵە دەسڕدرێتەوە، هەر بریکارێکیش خۆراک لە کۆکاگەی بهێڵێتەوە بریکارییەکەی بۆ ماوەی 3 مانگ ڕادەگیرێت.