وەزیری نوێی بەرگری ئێران لەگەڵ دەستبەکاربوونی، ئاماژەی بە رێکستنەوەی توانای ئاسمانی ئێران و دروستکردنی یەکەم فرۆکەی ئێرانی دا.

مێهرداد ئەخلاقی کتێبچی، وەزیری نوێی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە کاتی گوتارداندا ڕایگەیاند، فرۆکەی جەنگی ئێرانی لە ساڵی داهاتووەوە دەست بە ئەرکەکانی دەکات، کە بە تەواوی دروستکراوی ئێرانە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران پێشبینی دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکات و دیاریکردنی مێهرداد ئەخلاقی وەک وەزیری بەرگری، هەوڵێکی جددی وڵاتەکەیە بۆ تووندکردنەوەی توانای سیستەمی بەرگری.

وەزیری نوێی بەرگری ئێران ئاماژەی بە ناوی ئەو پڕۆژەیە نەکرد کە فرۆکەکەی تێدا دروستکراوە، بەڵام بەگوتەی خۆی لەمساڵەوە تاقیکردنەوە بە فرۆکەکە دەکەن و وادەی یەکەم دەستبەکاربوونی بە فەرمی بۆ ساڵی داهاتوو دیاریکراوە.

وەزیرە نوێیەکەی بەرگری ئێران کێیە؟

مێهرداد ئەخلاقی کتێبچی لەدایکبووی ساڵی 1958ـە، دوێنێ یەکشەممە لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێدرا و جێگەی عەزیز نەسرزادەی گرتەوە، کە پێشووتر لە مانگی 2ـی ئەمساڵ لەلایەن هێرشێکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا.

ناوبراو بڕوانامەی ماستەری لە بەڕێوەبردنی ستراتیژیدا لە زانکۆی تەکنەلۆجیی مالیکی ئەشتەر بەدەستهێناوە، کە دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێرانە. لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا چووەتە ناو پیشەسازییە بەرگریییەکانی ئێرانەوە و زیاتر لە 40 ساڵی لە پۆستە تەکنیکی، پیشەسازی و بەڕێوەبەرییەکاندا بەسەر بردووە.

پێشووتریش سەرۆکی گرووپی پیشەسازیی مووشەکیی 'شەهید باقری' بووە، دواتر لە ساڵی 2014 کراوەتە بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی پیشەسازیی بەرگریی ئاسمانی ئێران، بەمپێیە زۆربەی تەمەنی لەنێو پیشەسازییە مووشەکی و بەرگریی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگریدا بەسەربردووە، هاوکات بەپێی زانیاری ئێران ئینتەرناشناڵ، ناوبراو ڕۆڵی لە پرۆژەی دروستکردنی مووشەکیی فاتیح 110ـی ئێراندا هەبووە.