وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئاسانکاریکردن بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانە دەرکرد، کە سزای دواکەوتن و بەسەرچوونی ڤیزا و نشینگەیان بەسەردا هاتبوو.

 

بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 15ی تشرینی یەکەمی 2026 بە ژمارە 32557 دەرچووە، بڕیار دراوە بە داشکاندنی سزای بەسەرچوونی ڤیزا و نشینگەی بیانییەکان بە ڕێژەی 75%.

 

لە فەرمانەکەی وەزیری ناوخۆ هاتووە، ئەو بیانییانەی کە بە فەرمی و لە ڕێگەی ڤیزەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە ڤیزەکانیان درێژ ببنەوە، یان نەبوونەتە خاوەنی نشینگە، یان نشینگەکەیان هەبووە و بەسەر چووە، لە کاتی سەردانکردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2026، تەنها 25%ـی کۆی گشتیی سزاکانی دواکەوتنیان لێ وەردەگیرێت، کە پێشتر لە ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2021دا دیاری کرابوو.

 

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە لە پێناو ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی مانەوەی هاووڵاتییانی بیانی و کەمکردنەوەی بارگرانیی داراییە لەسەریان.