دوای زیاتر لە ساڵێک مانەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی و گرتووخانەی کانی گۆمە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لاهور تاڵەبانی و 24 سزادراوەکەی دۆسیەی لالەزار گواسترانەوە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی.

 

ئه‌مڕۆ ژینۆ ئیبراهیم، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە گواستراونەتەوە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی. 

 

ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی ئاماژه‌ی بەوە دا، کە هەواڵی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی ژوورەکەی شاسوار عەبدولواحید بۆ لاهور تاڵەبانی پشتڕاست کراوەتەوە و ڕاستە.

 

پێشتر پایتەخت میدیا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردبوو، کە ئامادەکاری بۆ نۆژەنکردنەوەی ژوورەکەی پێشتری سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەکرێت، تاوەکو دوای گواستنەوەی لاهور تاڵەبانی لە زیندانی ئاسایشەوە بەکاری بهێنێت.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، دانا تەقییەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لاهور تاڵەبانی و 24 سزادراوەکەی لالەزار، کە بە ماددەی 406 ڕاگیراون، گواستراونەتەوە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی.

 

گوتەبێژی تیمی پارێزەران جەختی لەوە کردەوە، ئەمە پێشهاتێکی نوێ و باشە؛ چونکە دەمێکە داوایان کردووە لە ئاسایش نەمێنن، بەو پێیەی لە ژێر ئەشکەنجەیەکی زۆردا بوون و ئێستاش بە گواستنەوەیان کارەکان ئاسانتر دەبن.

 

دانا تەقییەدین سەبارەت بە گیراوەکانی وەک ئاراس حەمە، ڕەمەزان حوسێن و سەربەست مینە، ڕوونی کردەوە، دوای گواستنەوەیان 'ئازادكردنی به‌ مه‌رج' دەیانگرێتەوە چونکە حوکمەکەیان ساڵێک زیاترە و ئەوانیش ماوەی ساڵێک و دوو مانگە گیراون.

 

لە ڕۆژی پێنجشەممە 15ـی 10ـی 2026، دادگای سلێمانی لە هەشتەمین دانیشتنیدا بەپێی ماددەی 56ی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی لالەزار دەرکرد. لە ئەنجامدا 10 دەستگیرکراو سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا و دوو کەسیش لە کەیسەکەدا ئازاد کران.

 

 سزای سزادراوەکان بەم شێوەیە دابەش بووە:


•لاهور تاڵەبانی: 5 ساڵ و 3 مانگ.
•پۆڵاد تاڵەبانی: 3 ساڵ و 6 مانگ.
•ڕێبوار قودرەت، بۆتان موستەفا، پیشەوا حسێن و ڕێنوار زریان: هەریەکەیان 2 ساڵ و 6 مانگ.
•ڕێبوار حامی حاجی غالی: 2 ساڵ.
•ئاراس حەمە، سەربەست مینە و ڕەمەزان حسێن: هەریەکەیان 1 ساڵ و 6 مانگ.