دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان پێشنیازێک بۆ وەرگرتنی کرێ و قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە دینار ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.
د.محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەوان پێشنیازێکیان ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە تاوەکو کرێ و قیستی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە دینار وەربگیرێت لەبری دۆلار.
بەپێی یاسای بانکی ناوەندیی عێراق (ژمارە 56ی ساڵی 2004) دیناری عێراقی تاکە دراوی فەرمیی یاساییە لە ناوخۆی وڵاتدا بۆ یەکلاکردنەوەی سەرجەم پابەندبوونی دارایی و مامەڵەکان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەو ئاماژەی بەوە دا، پێشنیازەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی بەرزی و نزمیی بەردەوامی نرخی دۆلارەوە، هاووڵاتییان لە پێدانی کرێ و قیستی یەکەکانی نیشتەجێبووندا زەرەرمەند دەبن؛ بۆیە ئەوان دەیانەوێت بەیەکجاری ئەم کێشەیە بنبڕ بکەن و مامەڵەکان بکەن بە دینار.
د.محەممەد شوکری ڕوونی دەکاتەوە، داوایان کردووە سەرجەم کۆمپانیاکانی بواری وەبەرهێنان ناچار بکرێن قیست و پارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە دینار وەربگرن، هەروەها دەیانەوێت نرخێکی دیاریکراو و گونجاو بەیەکجاری دابنرێت تاوەکو ڕێگری لە گۆڕانکاریی ڕۆژانەی نرخەکان بگرن.
ئەم هەنگاوەی دەستەی وەبەرهێنان لە کاتێکدایە، لە 8ـی 10ـی 2026 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی، کە تێیدا نرخی هەر 100 دۆلارێک لە 132 هەزار دینارەوە بەرز کرایەوە بۆ 152 هەزار دینار.