پۆستی پارێزگاری کەرکووک هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە لە نێوان محەممەد سەمعان ئاغا، کە بووەتە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کابینەکەی عەلی زەیدی و ڕێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک کە بەگوێرەی یاسا، دوای چۆڵبوونی پۆستی پارێزگار، بە وەکالەت پۆستەکە پڕدەکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، تاوەکو ئێستا محەممەد سەمعان ئاغا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکردووە و چاوەڕێ دەکات، لەناوخۆی ماڵی تورکمانی، کاندیدێک بۆ شوێنگرتنەوەی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک یەکلایی بکەنەوە.

هاوکات قەحتان ونداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی، یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان بۆ بوون بە پارێزگاری کەرکووک، هەرچەندە ماردین کۆک قایاش، یەکێکی دیکەیە لەو کەسایەتییانەی ناوی دێت، بۆ بوون بە پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ هەریەکە لە ئەحمەد ڕەمزی کۆپەرلو و زەکی موڕادلی.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، قەحتان ونداوی، لەلایەن تورکیاوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە تاوەکو هەموو لایەنە تورکمانییەکان لەسەری کۆک بن و بیکەن بە کاندیدی تورکمان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ئەو کەسایەتییە تورکمانییە لە هەڵویستەکانیدا زۆر دژی کورد و هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەشێک لە لایەن و کەسایەتییە تورکمانەکانی کەرکووک پشتیوانی لە ماردین کۆک قایا دەکەن.

وابڕیارە لە زووترین کاتدا، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دانیشتنێکی تایبەت ئەنجام بدات بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی پڕکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد سەمعان، ئەگەر ڕێک بکەون لەسەر بەخشینی متمانە بە پارێزگارێکی نوێ، ئەوا پارێزگاری نوێ سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەکار دەبێت، بە پێچەوانەشەوە، ڕێبوار تەها، وەک جێگری یەکەمی پارێزگار، دەبێتە پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت.

بەگوێرەی رێککەوتنە تاکلایەنەکەی هوتێل ڕەشیدی بەغدا لە نێوان یەکێتی و لایەنە عەرەب و تورکمانییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئێستا پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە دەستی تورکمانە و تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو پۆستەیان لا دەبێت، بۆیە پێش ئەوەی پۆستەکە ڕادەستی پێکهاتەی عەرەبی بکەن، دەیانەوێت پۆستەکە لە دەستی تورکمان بمێنێتەوە نەک ڕێبوار تەها بگەڕێتەوە سەر کورسییەکەی خۆی.