هێلیکۆپتەرێکی سعودیە کەوتەخوارەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستدا، حوسییەکانی یەمەن بانگەشەی بەئامانجگرتنی دەکەن.

ئەمڕۆ لیوا تورکی ئەلمالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی چاودێری و هەواڵگری لە جۆری (AH-6i) لە ناوچەی نەجرانی عەرەبستانی سعودیە کەوتە خوارەوە، لە ئەنجامدا هەردوو ئەندامی ستافەکەی گیانیان لەدەستداوە.

بەگوتەی زانیارییەکانی گوتەبێژی هاوپەیمانی سعودیە، هێلیکۆپتەرەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیی لەکارکەوتن لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی پاسەوانی نیشتمانیی سعودیە کەوتووەتە خوارەوە.

دوای ئەم ڕووداوە، هێزەکانی حوسییەکانی یەمەن ڤیدیۆی کەوتنە خوارەی هێلیکۆپتەرێکیان بڵاوکردەوە، کە بە گوتەی خۆیان کۆپتەرەکە لە جۆری (AH-6i)ـە و لە ڕێگەی مووشەکەوە خستوویانەتە خوارەوە، چونکە ئەرکی دوژمنکارانەی لە ناوچەی نەجران جێبەجێ دەکرد. ئاژانسی رۆیتەرز نەیتوانی ڕاگەیەندراوەکەی حوسییەکان پشتڕاست بکاتەوە، لە کاتێكدا ڤیدیۆیەکە زۆر ڕوون نییە و نازانرێت کە 100% هێلیکۆپتەرەکەی سعودیەیە یان نا.

لیوا تورکی ئەلمالیکی وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی حوسییەکانی یەمەنی دایەوە و جەختی کردەوە، کە بەم زووانە هێلیکۆپتەری دیکە دەنێرنە جەنگ، ئەمە جگە لەوەی ئەمڕۆ هاوپەیمانی سعودیە ئاماژەی بە بەرپەرچدانەوەی دوو مووشەکی بالیستی حوسییەکان کرد کە بەرەو ناوچەی خەمیس موشەیت دەهاتن.