لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی سەر شانی هاووڵاتییان، قەرزی مانگانەی کارەباش هاوشانی قەرزی کۆن داشکاندنی 50%ـی بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی 50,000 هاوبەشی پڕۆژەی ڕووناکی سوود لە بڕیاری داشکاندنی 50%ی قەرزی کارەبا وەربگرن، پارەی پسوولەی مانگانەی ڕووناکییان، کە کۆی گشتی دەگاتە 20 ملیار دینار، گواستراوەتەوە بۆ سەر قەرزی کۆن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، بەشداربووان دەتوانن لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیان لە سیستەمی 'ئی-پسوولە' وردبینی بۆ ئەم گۆڕانکارییە بڕیارلێدراوە بکەن، هاوکات لە ڕێگەی کورتەنامەی مۆبایلیشەوە ئاگاداری جێبەجێبوونی بڕیارەکە دەکرێنەوە.
وەزارەتی کارەبا ڕوونی کردووەتەوە، ئەم ڕێکارە تایبەتە بەو هاوبەشانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پسوولەی بەکاربردنیان بۆ دەرنەچووە و لە ئێستادا ڕووبەڕووی بڕە پارەیەکی کەڵەکەبوو بوونەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەرفەتێکی دیاریکراو بۆ بەشداربووان ڕەخسێنراوە تا کاتژمێر 12ی ئەمشەو بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدان بە مەبەستی سوودوەرگرتنی تەواو لە ڕێژەی داشکاندنەکە.