پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ـی مامۆستایانی گرێبەست و ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی نوێی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات، بە چەند قۆناغێک تا کۆتایی هەفتە بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە 18-10-2026 پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ـی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەست پێدەکات و تا ڕۆژی پێنجشەممە 22-10-2026 سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی دا هاتووە، هاوکات لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی سەرجەم ئەو فەرمانبەرە هەمیشەیی و گرێبەستانەی کە لەدوای 1-7-2024 لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.

ئەم دابەشکردنە لە كاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە داهاتە ناوخۆییەکان و ڕێکارە داراییەکان، مووچەی ئەو توێژە تازە دامەزراوانە دابین بکات کە مووچەکانیان جیا کراوەتەوە.