جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئاژەوەکانی فەرەنسای بۆ هاتنی ڕێژەیەکی زۆری پەنابەران لە جیهانی سێیەمەوە بۆ ئەوروپا گەڕاندەوە، هۆشداری بە خەڵکی ئەمریکاش دا.

ئەمڕۆ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، لیبراڵە رۆژئاواییەکان لە ژێر ناوی "فرەچەشنی و بەزەیی" جیهانیی سێیەمیان هاوردەی فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی کردووە. کێشەی تێکەڵبوون بە کولتوور و خۆگونجاندنیان پشتگوێ خستووە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هۆشداریدان لە ساڵانی ڕابردوو بە دروستبوونی ئەم دۆخەی فەرەنسا دا، بەڵام بە گوتەی خۆی وڵاتانی ئەوروپا گوێیان نەگرتووە، لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسی: "نزا دەکەم فەرەنسا، کە وڵاتێکی جوانە و خاوەن دانیشتووانێکی ناوازەیە، هەر زوو ئەم شێتییە بوەستێنێت تا مۆنیومێنت و شوێنی دیکەی مێژووی نەسووتێندرێن."

جەی دی ڤانس، کە کاندیدی کۆمارییەکانە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی 2028، ڕووی دەمی لە خەڵکی ئەمریکا کرد و گووتی: "هیوادارم خەڵکی ئەمریکا سەرنج بدەن، نوێنەرانی دیموکراتەکان ئەم دۆخەی ئێستای فەرەنسایان بۆ داهاتووی ئەمریکا دەوێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، چەندین ڕۆژە لە فەرەنسا و ئیتاڵیا بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانکردن و دابەزینی کوالێتی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە. هەر زوو خۆپیشاندانەکان توندووتیژییان لێکەوتەوە و تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانی فەرەنسا 1,200 کەسیان دەستگیر کردووە و 150 پۆلیسیش بریندار بوون.