لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا (2014 تا 2025)، حکومەتی فیدراڵ تەنیا 4.2٪ی بوودجەی گشتیی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.

کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی فەرمیی لەبارەی ئامار و داتاکانی شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بڵاو کردەوە، بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا (2014 تا 2025)، تێکڕای ڕێژەی کرداریی نێردراو لە بوودجەی گشتیی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دوای لێبڕینەکانی سەروەری، قەرز و پابەندییەکانی تر، تەنیا ڕێژەی 4.2٪ بووە، لە کاتێکدا دەبوو بەپێی بەشەبوودجە ڕێژەی 17٪ یان 12.67٪ی بۆ بنێردرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، بڕی پارەی تەمویلکراو لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم لەو 12 ساڵەدا، تەنیا 41 ترلیۆن و 42 ملیار دینار بووە، لە کۆی 212 ترلیۆن و 761 ملیار دینار کە وەک شایستەی هەرێم دیاری کرابوو، ئەم بڕە پارەیەی بەغدا ناردوویەتی تەنیا بەشی تەمویلکردنی نزیکەی 46 مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستانی کردووە لە کۆی 144 مووچەی ئەو ماوەیەدا.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش داوە، لە ساڵانی 2014، 2020 و 2022دا حکومەتی فیدراڵ بەهۆی نەبوونی یاسای بوودجەوە، پارەی نێردراوی بۆ هەرێم وەک قەرز هەژمار کردووە تا دواتر لە پشکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەسەندکردنی بوودجەی گشتیدا ببڕدرێتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی لە ساڵی 2024 و لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان بکرێتە 14.14٪ی بوودجەی گشتیی عێراق.