ئێران لە ژێر فشاری ئابووری بە ناچاری مووچەی لە کەرتی گشتی و سوپای پاسداران بڕیوە، داواشی لە گرووپە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، پارەیان بۆ بنێرن.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سینتکۆم) ئاشكرای کرد، گرووپە میلیشیاکانی عێراق بەمەبەستی کەمکردنەوەی فشاری ئابووری لەسەر سوپای پاسداران دوای 9 مانگ لە جەنگ، پارە بۆ سوپاکە دەنێرێت.
براد کوپەر ئاماژەی بە کاریگەری جەنگ بەسەر ئێرانەوە کردووە، بە شێوەیەک گرووپە میلیشاکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس و میلیشاکانی عێراق دوای چەندین ساڵ لە وەرگرتنی یارمەتی سەربازی و دارایی لەلایەن ئێرانەوە، ئێستا بە ناچاری دەبێت پارە بگەڕێننەوە بۆ سوای پاسداران. تەنانەت ئەم گرووپە چەکدارانە مووچەی سەربازەکانیان وەستاندووە و پارەکە بۆ سوپای پاسداران دەنێرن.
بە گوتەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، حکومەتی ئێران مووچەی خانەنشینان و مووچەخۆرانی کەرتی گشتی و تەنانەت مووچەی سوپای پاسداران و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی وەستاندووە. راپۆرتەکان دەری دەخەن کە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز، ئێران 25 ملیار دۆلاری لە داهاتی نەوت لەدەستداوە، وەزارەتی گەجینەی ئەمریکاش 350 ملیۆن دۆلاری ئێرانی سڕ کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، حکومەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی گەمارۆیی دەریایی لە گەرووی هورمز و سەپاندنی سزای ئابووری ئێران ناچار بکات واز لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی خۆی بهێنێت، بەڵام ئێران تا ئێستا سازشی لەسەر ئەم پرسە نەکردووە و سوپای ئەمریکاش خۆی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازی دژی ئێران ئامادە کردووە، کە پێشبینی دەکرێت لەم نزیکانە ڕوو بدات.