دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردنی سیمکارت پەسەند کرد، کە تیایدا کڕینی هێڵەکانی مۆبایل بە وێنەی ڕاستەوخۆی دەموچاو و کارتی نیشتمانییەوە دەبەسترێتەوە، هاوکات سزای دارایی قورس بەسەر کۆمپانیا سەرپێچیکارەکاندا دەسەپێنرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، ئەم ڕێنمایییە نوێیە بۆ مۆدێرنکردنی کڕین و فرۆشتنی سیمکارتە لە عێراق و کۆتاییهێنانە بە ساختەکاری و بەکارهێنانەوەی هێڵەکان بە ناوی کەسانی دیکەوە.
لە سیستەمە نوێیەکەدا، لە کاتی کڕینی هەر هێڵێکدا زانیارییەکانی کارتی نیشتمانی یان پاسپۆرت بە ئامێری ئەلیکترۆنی دەخوێندرێنەوە و وێنەیەکی ڕاستەوخۆی دەموچاوی کڕیار دەگیرێت تا لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییەکان بەراورد بکرێت. هەروەها کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن ناچار دەکرێن داتای بەشداربووان لەناو بەغدا بپارێزن و بەرپرسیار دەبن لە هەر دزەپێکردنێکی زانیارییەکان.
سەبارەت بە ژمارەی هێڵەکان بۆ هەر کەسێک دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق باسی لەوە کرد، هەر هاووڵاتییەکی عێراقی تەنیا بۆی هەیە حەوت سیمکارتی پەیوەندی و حەوت سیمکارتی هێڵی ئینتەرنێت (داتا) بە ناوی خۆیەوە بکات. هاوکات 720 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێتە کۆمپانیاکان تاوەکو سەرجەم بەشداربووانی ئێستایان بەپێی ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێ بکەنەوە.
لە کۆتاییدا دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق دووپاتی کردەوە، بۆ هەر سیمکارتێکی سەرپێچیکار، بڕی سێ ملیۆن دینار سزای دارایی بەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیدا دەسەپێنرێت، و بڕیارەکەش دوای 90 ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمیی دەستەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.