دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستگیرکردنیان، دادگای سلێمانی لە کۆتا دانیشتنی دۆسیەی لالەزاردا بڕیاری خۆی دا، کە تێیدا لە کۆی 12 دەستگیرکراو 10 کەس سزا دران و 2 کەسیش ئازاد کران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەشتەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی و 11 دەستگیرکراوی ڕووداوەکەی لالەزار بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە ڕێککەوتنی تاوانکاری بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکەدا دادگا بڕیاری سزادانی بۆ 10 دەستگیرکراو دەرکرد و دوو کەسی لە کەیسەکە ئازاد کران، بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، سزای زیندانیکردنی دەستگیرکراوەکان بەم شێوەیە دابەش بووە:

(لاهور تاڵەبانی 5 ساڵ و 3 مانگ، پۆڵاد تاڵەبانی 3 ساڵ و 6 مانگ، ڕێبوار قودرەت، بۆتان موستەفا، پیشەوا حسێن و ڕێنوار زریان هەریەکەیان 2 ساڵ و 6 مانگ، ڕێبوار حامی غالی 2 ساڵ، هەروەها ئاراس حەمە، سەربەست مینە و ڕەمەزان حسێن هەریەکەیان سزای 1 ساڵ و 6 مانگ) زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.

دۆسیەی لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 22ی ئابی 2025، دوای ئەوەی لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی کۆماندۆ، دژەتیرۆر و ئاسایش لە لالەزار، لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی دەستگیر کران.

دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە کۆتا دانیشتنی دادگاییکردنەکەدا بڕیارەکەی داواکاری گشتی سیاسیی بووە نەک یاسایی، کە تەنانەت داوای دەکرد ماددەکە لە 56ـەوە بگۆڕدرێت بۆ ماددەی 57 لە یاسای سزادانی عێراقی.

گوتەبێژی تیمی پارێزەران ئاشکرای کرد، لە کاتی خوێندنەوەی سزاکەدا، لاهور تاڵەبانی وەک کاردانەوە چەپڵەی بۆ دادوەر لێ داوە و پێی گوتووە: "ئافەرم، زۆر سوپاس بۆ بەڕێز دادوەر کە توانیت ئەو بڕیارەی خراوەتە بەردەمت جێبەجێ بکەیت و نەتوێرا یاسا سەروەر بێت".

ژینۆ ئیبراهیم، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە کۆی 12 دەستگیرکراوەکەی لالەزار، تەنیا دوو کەس بە ناوەکانی عومەر شێخە و کەیوان محەممەد ئازاد کران.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ئەوانەی سزا دراون، ماوەی ئەم ساڵ و سێ مانگەی دەستگیرکردنیان بۆ هەژمار دەکرێت و لە کۆی سزاکەیان کەم دەبێتەوە.

بنەوشە ڕەفیق، ئەندامی تیمی پارێزەران ڕایگەیاند، سەرجەم دەستگیرکراوەکان تۆمەتەکانیان ڕەت کردووەتەوە و نکۆڵییان لێ کردووە، هەروەها سەرجەمیان وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارەکە چەپڵەیان بۆ دادوەر لێ داوە.

ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهور تاڵەبانی، دەربڕینی خۆی خستە ڕوو و ڕایگەیاند: "لاهور هەمیشە بە بەهێزی دەمێنێتەوە و زیندانیش جێگەی شێرانە".

پایتەخت میدیا زانیویەتی کە لاهور تاڵەبانی و 19 دەستگیرکراوی دیکەی لالەزار ڕووبەڕووی دۆسیەیەکی تری یاسایی دەبنەوە؛ بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنیان بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی (تایبەت بە کوشتنی بەئەنقەست و قوربانییانی هێزە ئەمنییەکان) بەڕێوە بچێت، کە سزاکەی تا لەسێدارەدان دەڕوات.

لاهور تاڵەبانی (ناسراو بە لاهور شێخ جەنگی)، لە ساڵی 1976 لە کۆیە لەدایک بووە، خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە و ڕەگەزنامەی بەریتانی هەیە. ناوبراو ئامۆزای بافڵ جەلال حسامەدین و قوباد جەلال حسامەدین هەروەها ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی بەرەی گەلە.