لە هەنگاوێکی ئامادەکاریدا بۆ ئاسانکاریکردن لە وەرگرتنی دۆلاری کاش، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوایان کردووە، هاوشێوەی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق مامەڵە لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی هەرێم بکرێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی نوێنەرایەتیی هەرێم لە بەغدا کردووە بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ کردنەوەی لقی کۆمپانیای (ئەتلەس) لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی.

بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژە بە هاوئاهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی (جەلال تاڵەبانی) کراوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە چوونەنێوەوە و کردنەوەی لقی کۆمپانیای ئاماژەپێکراو بدرێت.

ئەمڕۆ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیا ڕایگەیاند: "نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی بەغدا کردووە و داوامان کردووە پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران لە هەرێمیش دەستپێبکاتەوە."

وەزیری گواستنەوە جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت دۆلارەکە بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بۆ هاووڵاتییان هەژمار بکرێت، هاوشێوەی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی عێراق وەک نەجەف، کەربەلا، کەرکووک و بەسرە، مامەڵە لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی (مام جەلال)یشدا بکرێت.