تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 91 هەزار دینارەوە بۆ 101 هەزار دینار بەرز کرایەوە و 10 هەزار دینار چووەتە سەر نرخەکەی.
ئەمڕۆ عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بڕیاری بەرزکردنەوەی تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لەناکاو بووە و پێشووتر بە هیچ نووسراوێک ئاگادار نەکراونەتەوە.
بەپێی بڕیارەکە، تێچووی پاسپۆرت لە 91 هەزار دینارەوە بووەتە 101 هەزار دینار، واتا 10 هەزار دینار تێچووەکەی بەرز کراوەتەوە.
عەمید سالار عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، ئەم بەرزکردنەوەیە لەگەڵ گیرفانی هاووڵاتییدا ناگونجێت، سەرەڕای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵی زۆر دراوە نرخی تێچووی پاسپۆرت کەم بکرێتەوە یان بکرێتە بەخۆڕایی، بەڵام وەڵام ئەوە بووە کە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدات، کەچی لە ئێستادا بڕیارەکە نەچووەتە پەرلەمان و بە شێوازێکی لەناکاو دەرچووە.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی جەختی کردەوە، ئەوان تانە لە بڕیارەکە دەدەن و بە نووسراوی فەرمی دەیانەوێت سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرتی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە ناڕەزایەتی دەرببڕن.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک لە پاسپۆرتی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بڕیارەکە بێ جیاوازییە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و لەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێیان وایە بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلارەوە بڕیاری بەرزکردنەوەی تێچووی پاسپۆرت دراوە.