دوای تەقینی بەلەمی خێزانە کوردەکەی سلێمانی لە کەناراوەکانی تورکیا، ڕێکخراوەکانی بواری پەنابەران هاتنە سەر هێڵ بۆ بەدواداچوونی دۆخی تەندروستی و یاساییی ڕزگاربووان.

کەمێک لەمەوبەر ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ڕووداوەکە لە کەناراوەکانی ناوچەی ئیزمێر لە تورکیا بووە و بەلەمەکەیان تەقیوە.

ئەبوبەکر عەلی ئاماژەی بەوە دا، تەنیا تواندراوە منداڵێک و دایک و باوکی ڕزگار بکرێن و چارەنووسی دوو منداڵەکەی تر دیار نییە، هەروەها ڕوونیکردەوە کە کۆمەڵەکەیان کەسێکی خۆیان ناردووە تا بەدواداچونی زیاتر بۆ دۆخەکە بکات.

بابان ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی سلێمانی، بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو بابەتە نین و هیچ کەسێک لە کەسوکاری خێزانەکە ئاگاداری نەکردوونەتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ بەدواداچوون دەبێت وەزارەتی ناوخۆ و لەسەر ئاستی باڵا کاری بۆ بکرێت نەک ئەوان.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵەکە بە جۆرێکی تر بڵاوکرایەوە و گوایە خێزانێکی کوردی خەڵکی سلێمانی لە کەناراوەکانی تورکیا کەوتوونەتە ناو ئاو و هەر سێ منداڵەکە خنکاون و دایک و باوکیان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون.