لە هەشتەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی و 11 گیراوەکەی لالەزاردا، داواکاری گشتی هەوڵی گۆڕینی ماددەی سزادانی لە 56 بۆ 57 دەدات بۆ ئەوەی سزاکەی بۆ 10 ساڵ بەرز بکاتەوە.

کەمێک لەمەوبەر سەرچاوەیەک لە تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، پرۆسەی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی و 11 گیراوەکەی لالەزار دەستیپێکردووە و دادگا تاوتوێی ماددە یاساییەکانی تۆمەتەکەیان دەکات.

 بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، دادگاییکردنەکە سەرەتا بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە کە سزاکەی لە 3 ساڵ کەمتر نییە و لە 7 ساڵ زیاتر نییە، بەڵام داواکاری گشتی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ماددەکە بۆ ماددەی 57 بگۆڕێت، بەو پێیەی لاهور تاڵەبانی بە سەرۆکی گرووپەکە دەناسێنێت، کە سزای ئەم ماددەیە تا 10 ساڵ زیندانیکردن دەڕوات، و تیمی پارێزەرانیش چاوەڕوانی خوێندنەوەی بڕیاری کۆتایین.

هەر بەپێی زانیارییەکانی تیمی پارێزەران، چاوەڕوان دەکرێت هەردوو دەستگیرکراو (کەیوان) و (عومەر)، کە لە دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی لالەزارن، بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەربچێت.

لە لایەکی دیکەوە، لە ناو هۆڵی دادگادا هەڵوێستێکی لاهور تاڵەبانی سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشاوە، کاتێک ڕووبەڕووی دادوەر بووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "من سزا بدەن، بەڵام ئەو کوڕە هەژار و فەقیرانە ئازاد بکرێن."