دوای 5 مانگ لە بەڕێوەبردنی 9 وەزارەت بە وەکالەت، حکومەتی عێراق بەرەو یەکلاییکردنەوەی تەواوی جڵەوی دەسەڵاتەکان هەنگاو دەنێت، بڕیارە پەرلەمان دەنگ لەسەر کاندیدانی وەزارەتە ماوەکانی کابینەکەی زەیدی بدات.
لە هەنگاوێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە بۆشایی وەزاری لە کابینەکەیدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی داوای لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە ڕۆژی پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026 دانیشتنی تایبەت بە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و متمانەدان بە وەزیرە نوێیەکان و جێگرەکانی ساز بکارێت.
لە مانگی ئایاری 2026دا، ئەنجوومەنی نوێنەران تەنها متمانەی بە 14 وەزارەت لە کۆی 23 وەزارەت دا و 9 وەزارەتی بەبێ وەزیر هێشتەوە، کە تاوەکو ئێستا بە وەکالەت لەلایەن بەرپرسانەوە بەڕێوە دەبرێن.
پایتەخت میدیا زانیویەتی کاندیدە دیارەکانی وەزارەتەکان بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1.وەزارەتی ناوخۆ: یاسر مالیکی (کاندیدی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا - عەرەبی شیعە).
2.وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: د. حەیدەر بەها (کاندیدی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا - عەرەبی شیعە).
3.وەزارەتی لاوان و وەرزش: سەفا کینانی (کاندیدی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی - عەرەبی شیعە).
4.وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: محەممەد مووسەوی (کاندیدی بزووتنەوەی سادقوون - عەرەبی شیعە).
5.وەزارەتی پلاندانان: عەلی محەممەد (کاندیدی هاوپەیمانیی عەزم - عەرەبی سوننە).
سێ وەزارەتی نوێ بەپێی ڕێککەوتنە سیاسییەکان پێکهێنراون:
6.وەزارەتی گەشتوگوزار (جیاکراوە لە ڕۆشنبیری): عەلی دەخیل (کاندیدی هاوپەیمانیی مونتەسیروون - عەرەبی شیعە).
7.وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی و زیرەکیی دەستکرد: محەممەد دەڕاجی (کاندیدی هاوپەیمانیی خەدەمات - عەرەبی شیعە).
8.وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە: محەممەد سەمعان (سەرۆکی بەرەی تورکمانی و پارێزگاری کەرکووک - پێکهاتەی تورکمان).
ئەو وەزارەتانەی هێشتا ڕێککەوتنی کۆتاییان لەسەر نەکراوە:
•وەزارەتی بەرگری: کە پشکی هاوپەیمانیی حەسم و پێکهاتەی عەرەبی سوننەیە، ململانێ لە نێوان دوو کاندیددایە کە بریتین لە نایف شەممەری و عەلی ئەعرەجی.
•وەزارەتی ڕۆشنبیری: پشکی هاوپەیمانیی عەزمە و زەید عەلی بۆ پۆستەکە کاندید کراوە، بەڵام لەلایەن حزبی تەقەدومەوە تێبینی لەسەرە.
•وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: کە پشکی پێکهاتەی مەسیحییە، تاوەکو ئێستا لایەنە شیعەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر کاندیدێکی سازان ڕێکنەکەوتوون و بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
•وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە یان تەندروستی: لە دانوستانەکاندا ناوی ڕێباز حەملان وەک کاندیدی پارتی بۆ یەکێک لە پۆستە وەزارییەکان دەهێنرێت.
چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلاکەرەوە بێت بۆ بڕیاردان لەسەر بەشێکی زۆری ئەم کاندیدانە و کۆتاییهێنان بە بەڕێوەبردنی وەزارەتەکان بە وەکالەت.