سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان فێرخوازان و کەسوکاریان ئاگادار دەکاتەوە، کە بەشە پیشەیییەکان ناتوانن هاوشێوەی بەشە تەکنیکییەکان کاری پیشەییی تەندروستی لە کەرتی تایبەتدا ئەنجام بدەن.
سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی پێگەی پیشەییی دەرچووانی پەیمانگا تەکنیکی و پیشەیییەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەنیا دەرچووانی بەشە تەکنیکییەکان دەبنە ئەندامی سەندیکا.
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، تەنها ئەو دەرچووانی بەشە تەکنیکییانەی کە هەڵگری بڕوانامەی پۆلی 12ی زانستین، دەبنە ئەندامی سەندیکا و کارتی کارکردن و مۆڵەتیان پێ دەدرێت، لە بەرامبەردا دەرچووانی بەشە پیشەیییەکان نابنە ئەندامی سەندیکا، کارتی کارکردن و مۆڵەتیان پێ نادرێت و بە کارمەندی تەندروستی هەژمار ناکرێن.
سەندیکاکە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە کە لەسەروبەندی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندندا، هەندێک پەیمانگا ڕێنماییەکانی سەندیکا وەک ڕیکلام لە بەرژەوەندیی بەشە پیشەیییەکان بەکار دەهێنن بۆ ڕاکێشانی قوتابییان.
لە کۆتاییدا سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان سەرجەم فێرخوازان و کەسوکاریان ئاگادار دەکاتەوە، بەشە پیشەیییەکان ناتوانن هاوشێوەی بەشە تەکنیکییەکان کاری تەندروستی لە کەرتی تایبەتدا ئەنجام بدەن و لە ئایندەدا سەندیکا هیچ بەرپرسیارییەتییەک لەو ڕووەوە هەڵناگرێت.