نوێنەری بانکی ناوەندی پاراستنی بەهای دیناری بەرامبەر دراوە بیانییەکان بە ئەرکی سەرەکیی دامەزراوەکەی لە عێراق ناوبرد.
ئەمڕۆ سەمیر فەخری، نوێنەری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆڕبەندی دیداری مێری لە هەولێر ڕایگەیاند، گرنگیی نرخی ئاڵوگۆڕ لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی تر جیاوازە، بەڵام بۆ عێراق بابەتێکی چارەنووسسازە، چونکە ئابووریی وڵاتەکە ئابوورییەکی نەوتییە و بەتەواوی پشت بە داهاتی دۆلار دەبەستێت.
نوێنەری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕوونی کردەوە، سەرچاوەکانی داهات لە عێراق بەندە بە خواستی دەرەکی، لە کاتێکدا گرنگترین هاوکێشەی ئابووری بریتییە لە خەرجییەکانی حکومەت بە دینار، ئەمەش بزوێنەری بنەڕەتیی خواستی گشتییە و لە ڕێگەی نرخی ئاڵوگۆڕەوە بە داهاتی نەوتەوە گرێ دەدرێت.
سەمیر فەخری ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی کەمیی بەشداریی کەرتە ئابوورییە ناوخۆییەکان لە بەرهەمی گشتی، هەموو دینارێک لە بودجەی گشتیدا خەرج دەکرێت، ڕاستەوخۆ خواست لەسەر دۆلار لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە دروست دەکات.
بەگوتەی ئەم نوێنەرە، ٪60 بۆ ٪70ـی دیناری خەرجکراو لە شێوەی خواست لەسەر دراوی ئەمریکی دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا بەشەکەی تر وەک یەدەگی دراو لە بانکەکەدا کۆ دەبێتەوە و ئەو یەدەگەش بە موڵکی دەوڵەت و بەرامبەر بەو دینارە خەرجکراوانە هەژمار دەکرێت.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا، سەمیر فەخری جەختی لە پێویستیی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت کردەوە تا بەشداری لە بەرهەمی ناوخۆییدا زیاد بکات و خواستی بێپێوانە لەسەر دۆلار کەم ببێتەوە، بەپێی ئامارە داراییەکانیش، هەناردەی عێراق بە ڕێژەی ٪98 پشتی بە نەوتی خاو بەستووە و زیاتر لە ٪93ـی کۆی داهاتە گشتییەکانی وڵاتیش لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دێت.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەردەوام ڕووبەڕووی ناجێگیری بووەتەوە و دەسەڵاتی دارایی حکومەتی عێراق لە ڕێگەی چەندین میکانیزمەوە هەوڵی پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕی داوە.