سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری دا کە ئابوورییە پێشکەوتووەکانی جیهان ڕووبەڕووی گەورەترین کورتهێنانی بوودجە دەبنەوە لە دوای سەردەمی پەتای کۆرۆناوە، بە جۆرێک کە چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی قەرزی پاکژ بگاتە لەسەدا 5.2ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بە پشتبەستن بە نوێترین پێشبینییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) بڵاویکردەوە، دۆخی دارایی دەوڵەتە گەورەکان بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانەوە بەرەو خراپبوون دەڕوات، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی کورتهێنانی ساڵانەیە لە دوای ساڵی 2021ـەوە تۆمار بکرێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵکشانی کورتهێنان لە بوودجەدا، فشارێکی قوڕس دەخاتە سەر بازاڕی بۆندەکان و قەرزکردنی سیادی لە لایەن وڵاتانەوە، لە کاتێکدا حکومەتەکان بەدەست بەرزبوونەوەی تێچووی سوودی قەرزەکان و دابینکردنی خەرجییە گشتییەکانەوە دەناڵێنن.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود لە لایەن بانکە ناوەندییە گەورەکانی جیهانەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەڵئاوسان، بارگرانی دارایی لەسەر وڵاتە پیشەسازییەکان دروست کردووە و پاراستنی هاوسەنگی دارایی قورستر کردووە.