بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و بازرگانان کە دۆلار بە نرخی فەرمی دەدات و ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە حەواڵەکان بە نرخی 1520 دینار هەژمار دەکرێن.
ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، ئەو هەواڵەی باسی لەوە دەکرد بانکەکە 600 ملیار دیناری وەرنەگرتووە لەبەر ئەوەی بە نرخی 1320 دینار بووە، دەنگۆیەکی بێبنەمایە و لە سەرچاوەی نەناسراوەوە بڵاوکراوەتەوە.
بانکەکە سێ خاڵی زۆر گرنگ و ڕوونی بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا کرد:
یەکەم: هەموو ئەو کەسانەی پێش ڕێکەوتی 7/10/2026 داوای حەواڵەی دەرەکییان کردووە، بە نرخی کۆن (1320 دینار) و بەبێ یەک دیناری زیادە پارەکەیان بۆ خەرج دەکرێت و دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
دووەم: بۆ ئەو هاووڵاتییانەی گەشت دەکەنە دەرەوەی وڵات، لە ڕێگەی کارتە بانکییەکانەوە بە نرخی فەرمی دۆلاریان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی پێداویستییەکانیانی پێ دابین بکەن.
سێیەم: هەر کەس، پەیج یان دەزگایەکی میدیایی هەواڵی ناڕاست لەسەر نرخی دۆلار و بازاڕ و مووچە بڵاو بکاتەوە، ڕووبەڕووی دادگا و سزای یاسایی دەکرێتەوە.
ئەم بڕیارە لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی دراو و ڕێگریکردنە لە گرانبوونی دەستکردی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە بازاڕەکاندا.