پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان پێی نایە قۆناغی دیجیتاڵی، زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆر شایستەکانیان لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە وەردەگرن.
ئەمڕۆ تیمی هەژماری من ڕایگەیاند، زیاتر لە 1 ملیۆن و 16 هەزار مووچەخۆری کەرتی گشتی، مووچەی مانگی نۆ بە شێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن. خشتەی کاتیی دابەشکردنی پارەکەش لەمڕۆوە دەستی پێکردووە و تا ڕۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تیمی هەژماری من، ژمارەی سوودمەندان کە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن بەم شێوەیەیە:
لە پارێزگای هەولێر: 422,000 مووچەخۆر
لە پارێزگای سلێمانی: 372,000 مووچەخۆر
لە پارێزگای دهۆک: 197,000 مووچەخۆر
لە پارێزگای هەڵەبجە: 25,000 مووچەخۆر
تا ئێستا زیاتر لە 1.1 ملیۆن مووچەخۆری کەرتی گشتی ناوی خۆیان لەم سیستمەدا تۆمار کردووە و پتر لە 1 ملیۆن کەسیش کارتی فەرمیی بانکییان وەرگرتووەتەوە.
تیمی پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕێگەی بانکە بەشداربووەکانەوە نزیکەی 800 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر کراون تا هاووڵاتییان بتوانن بە درێژایی 24 کاتژمێر پارەکانیان ڕابکێشن، هاوکات کارکردن بەردەوامە بۆ ئەوەی تا کۆتاییهاتنی تەواوی پرۆسەکە، ژمارەی ئامێرەکان لە 1000 ئامێر تێپەڕێنرێت، بە شێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ ڕێنمایی و یاساکانی بانکی ناوەندیی عێراق.
پڕۆژەی هەژماری من، لە ساڵی 2023 وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە ئامانجی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان ڕاگەیەندرا و ئێستا گەورەترین پڕۆژەی دیجیتاڵکردنی داراییە لە هەرێمی کوردستان.
هەژماری من: نزیکەی 800 ئامێری ATM بۆ مووچەخۆران دابینکراوە
کورتە
تیمی پڕۆژەی 'هەژماری من' ئاماری سوودمەندبووانی ئەم پڕۆژەیە لە سەرانسەری کوردستان ئاشکرا دەکات.