پرۆسەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و لە ماوەی چەند ڕۆژێکی داهاتوودا کۆتایی پێدێت.

بەپێی ئەو خشتەیەی مووچە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادە کراوە، ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەستی پێکردووە و لە ماوەی چوار ڕۆژدا سەرجەم وەزارەت و دەستەکان مووچە وەردەگرن.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕی 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.

هەروەها بڕی 4 ملیار و 961 ملیۆن دیناری دیکەی لە تەمویلەکە نەناردووە، کە تایبەتە بە شایستەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، بەوەش کۆی گشتیی لێبڕینەکان گەیشتووەتە نزیکەی 125 ملیار دینار.

لەگەڵ دابەشکردنی مووچە، بەگوێرەی داتاکانی پڕۆژەی 'هەژماری من'، ژمارەی هاووڵاتیانی تۆمارکراو گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن (1,000,000) کەس کە خاوەنی کارتی بانکین و مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی پێدەگات، بۆ کارئاسانیی مووچەخۆرانیش، لە ئێستادا زیاتر لە 750 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر کراون، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە ئاسانی شایستەکانیان وەربگرن.