شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاساییی خۆیدا هاوشانی بڕیاری هەموارکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار، بڕیاری پێشووی وەرگرتنی پێشوەختەی ڕسووماتی گومرگی ڕاگرت.
ئەمڕۆ وەزارەتی داراییی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لەمڕۆوە نرخە نوێیەکانی ئاڵوگۆڕی دۆلار دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە کە تێیدا نرخی کڕینی 1 دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە 1500 دینار (150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک) دیاری کراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی ڕوونیکردەوە، هاوشانی گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا، وەرگرتنی پێشوەختەی ڕسووماتی گومرگی بە تەواوی ڕاگیرا، ئەم ڕێکارە پێشووتر بەپێی بڕیاری ژمارە 413 لە کاتی حەواڵەکردنی دۆلار و لە دەروازە سنوورییەکاندا لە بازرگانان وەردەگیرا.
وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕێگریکردنە لە بلۆکبوونی سەرمایەی بازرگانان و ئاسانکاریکردنە بۆ پرۆسەی هاوردەکردنی کاڵاکان لە دەروازە سنوورییەکاندا.
بەپێی بڕیارەکەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بازرگانان بەرلە هاوردەکردنی کاڵاکانیان لەدەرەوەی وڵات، ناچار بوون لە کاتی کڕینی دۆلار یان حەواڵەکردنی پارەدا ڕسووماتی گومرگی بە پێشوەختە بدەنە حکومەت، بەڵام لە ئێستادا ئەم باجە پێشوەختەیە هەڵگیرا و وەرگرتنی ڕسووماتی گومرگی گەڕێنرایەوە بۆ دەروازە سنوورییەکان، تەنیا لە کاتی گەیشتنی ڕاستەقینەی کاڵاکاندا ڕاستەوخۆ ئەم باجە وەردەگیرێت.