وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک لە بازاڕەکاندا خستە گەڕ، هۆشداری دەداتە ئەو بازرگانانەی بە بەبیانووی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە نرخەکان زیاد دەکەن.
کەمێک لەمەوبەر نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا بەشێوەیەک کە هاووڵاتییان نەتوانن بیکڕن، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان لەسەر هێڵن بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشکرای دەکات، هیچ کاڵایەکی دیکە تا دوو مانگی دیکە بەم نرخەی ئەمڕۆ ناگاتە هەرێمی کوردستان، چونکە بڕیارەکە ئەمڕۆ دراوە و بەهای کاڵا بەو شێوەیە ناگۆڕێت کە نرخەکان بەرز بببنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوە دەکات، هەر بازرگانێک نرخی کاڵا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار زیاد بکات ئەوا ڕێکاری بەرامبەر دەگیرێتە بەر و سەیری مەنەفێستی هێنانی کاڵاکەی دەکرێت؛ ئەگەر مەنەفێستەکە هی دوای 7ی 10ی 2026 بێت ئەوکاتە دەردەکەوێت، بەڵام لە ئێستادا هیچ بەیانوویەک نییە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و شتوومەک.
لای خۆیەوە هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازاڕی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ شوێنێک نرخەکانی بەرز نەکردووەتەوە و تیمەکانیان بە تەواوەتی چاودێریی بازاڕ دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان داوای لە هاووڵاتییان دەکات، بە لێشاو نەچنە بازاڕ چونکە بەو ڕەفتارە بازرگانان بارودۆخەکە بۆ بەرزکردنەوەی نرخ یان شاردنەوەی کاڵاکانیان قۆستنەوە دەکەن.
لە بەشێکی قسەکانی نەوزاد شێخ کامیل جەختی کردەوە، هاووڵاتییان لە هەر شوێنێک زانییان نرخ بەرز بووەتەوە دەتوانن لێژنەکانی بەدواداچوون ئاگادار بکەنەوە تاوەکو ڕێکاری بەرامبەر بگیرێتە بەر.
ناوبراو دڵنیایی بە هاووڵاتییان دا، بەشی پێویست خۆراک لە کۆگا تایبەتەکان و کۆگاکانی حکومەتدا هەیە و پێویست بە نیگەرانی ناکات.
شەوی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بە فەرمی بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی.