سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج لە ئێران مەودای مەشق و چەکدارکردنیان فراوان کردووە و ژنان و منداڵانی خوار 15 ساڵ لە بازگەکانی پشکنیندا جێگیر دەکەن.
ئەمڕۆ کەناڵی ئەلحوڕڕەی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەیدا بڵاویکردەوە، دیمەن و بەڵگەی ڤیدیۆیی دەستکەوتووە کە تیایاندا دەرکەوتووە ژنان و منداڵان لەسەر بەکارهێنان و هەڵوەشاندنەوەی چەکی کڵاشینکۆف مەشق دەکەن و لەگەڵ چەکدارانی بەسیج لە بازگەکانی تاران، مەشهەد و کرماشاندا ڕادەوەستن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاستی 16 گرتەی ڤیدیۆیی پشتڕاست کردووەتەوە کە بەشداریپێکردنی منداڵانی خوار 15 ساڵ لە ئەرکە سەربازییەکاندا دەسەلمێنن و هۆشداری داوە کە ئەم هەنگاوە پێشێلکارییەکی مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
حکومەتی ئێران لە مانگی ئازارەوە کەمپینێکی بە ناوی 'جەنگاوەرانی بەرگری لە نیشتمان' ڕاگەیاندووە و دەرگای ناونووسینی بۆ منداڵانی تەمەن 12 ساڵ بەرەو سەرەوە کردووەتەوە بە بیانووی ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
بەشداریکردنی بەسیج لە قوتابخانەکان و چەکدارکردنی مەدەنییەکان مێژوویەکی دێرینی لە ئێران هەیە، بەڵام ئەم فراوانکردنە بەرفراوانە دوای پەرەسەندنی جەنگی نێوان واشنتن و تاران لە ساڵی 2026 گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.