دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەش بازگەی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و قەزای دەربەندیخان لە پێناو کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان داخست.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئاسایشی گەرمیان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، کە بەپێی پلانێکی ورد، تۆکمە و بەرنامە بۆ داڕێژراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک بازگە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و قەزای دەربەندیخان داخران، هەروەها گۆڕانکاری لە شوێنی چەند بازگەیەکی دیکەشدا دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی ئاسایشی گەرمیان، ئەو بازگانەی کە داخراون برییتین لە: بازگەی بەردەسوور لە دەروازەی کەلار، بازگەی دەربەندیخان لە نزیک تۆنێلەکە، بازگەی ژاڵەناو لە دەربەندیخان، بازگەی مەیدان، بازگەی پردەکەی کفری و بازگەی ڕزگاری.
سەرچاوەکە وردەکاریی بڕیاری داخرانی ئەو بازگانەی گەڕاندەوە بۆ کەمکردنەوەی بازگەکانی پشکنین، کەمکردنەوەی ڕۆتین، نیشاندانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان و ڕێکخستنەوەی زیاتری ئەرکە ئەمنییەکان، بە تایبەت کە بەهۆی فراوانبوونی سنووری جوغرافیای شارەکان و ڕێگە سەرەکییەکان، وادەخوازێت گۆڕانکاری لە شوێنی هەندێک لە بازگەکاندا بکرێت.
ئەو سەرچاوەیە لە ئاسایشی گەرمیان ئەوەشی خستە ڕوو، ئەم گۆڕانکارییانە تەنها ئیدارەی گەرمیان ناگرێتەوە، بەڵکو زۆربەی ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە، لەوانە بازگەی عەربەت لە شوێنی ئێستای نامێنێت و دەگوازرێتەوە بۆ پشتی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، هاوکات بازگەی بانی مەقانیش دەگوازرێتەوە بۆ قەرەهەنجیر.