دیاردەیەکی مەترسیدار لەبارەی تواناکانی زیرەکی دەستکرد و بەکارهێنانی لەلایەن کەسانی دژە موسڵمان ئاشکرا بوو.
ڕۆژنامەی گاردییانی بەریتانی تاقیکردنەوەیەکی خۆی لەبارەی مەترسییەکانی زیرەکی دەستکرد لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرا کرد، تێیدا هاتووە کە زیرەکی دەستکردی جۆرەکانی چات جی پی تی ChatGPT و گرۆک Grok لەسەر داواکاری بەکارهێنەرانیان، نیقابی ئافرەتانی موسڵمان لە نێو وێنەکاندا لادەبەن، ئەمەش ئاماژەیە بە زیادبوونی دیاردەی ڕێگەپێدانی دەربڕینی بیروڕای تووندڕەوانە دژ بە موسڵمانان لەلایەن کۆمپانیا تەکنەلۆژیایەکانی جیهاندا.
ڕۆژنامەی گاردییان ئەو تاقیکردنەوەی دوای ئەوە ئەنجامداوە، کاتێک جولیان ئۆدول، سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی فەرەنسا جلێکی قۆڵ درێژ و نیقابی لەسەر وێنەی ئافرەتێکی موسڵمان لە ڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە لابرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لەسەری نووسی: "ئازادی فەڕەنسی"، لە وێنە دەستکاریکراوەکەدا ئافرەتە موسڵمانەکە دەستەکانی و قژی بەدەرەوەن، هاوکات سیاسەتەمەدارە فەرەنسییەکە ئاماژەی بۆ مۆدێلی ئەو زیرەکی دەستکردە نەکردبوو کە بۆ لابردنی نیقابی ئافرەتەکە بەکاریهێنابوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی گاردییان، کاتێک داوایان لە چات جی پی تی و گرۆک کردووە بۆ لابردنی نیقابی ئافرەتی موسڵمان، دەستبەجێ جێبەجێیان کردووە، بەڵام زیرەکی دەستکردی گووگڵ جێمینای Google's Gemini سەرەتا داواکارییەکەی ڕەتکردووەتەوە بەهۆکاری ئەوەی ڕێگەی پێنادرێت چۆنییەتی دەرکەوتنی کەسێک بەبێ ڕەزامەندی کەسەکە بگۆڕێت، بەڵام دوای ئەوەی داوای لێکرا "ئافرەتە موسڵمانەکە بەشێوەی کولتووری وڵاتانی ڕۆژئاوا نیشان بدات"، نیقابی ئافرەتەکەی لاداوە.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی زیادبوونی دیاردەی دژە موسڵمانان لە جیهان هۆشداری دەدرێت و بەگوێرەی توێژینەوەیەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە ڕق و کینەی ڕێکخراو (CSOH), لە هیندستان دەربڕینی هەست و بۆچوونی دژ بە موسڵمانان باوە و مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد رۆڵێکی سەرەکییان لەم پرسە هەیە، تێیدا وێنەی ئافرەتانی موسڵمان بەشێوەی ڕووت و نەشیاو بڵاودەکەنەوە یاخود بە شێوەیەکی نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ موسڵمانان بە گشتی دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ بڕیاری قەدەغەکردنی پۆشینی سەرپۆش (حیجاب) لەلایەن قوتابییان لە ناوەندەکانی خوێندن لە ئیتاڵیا جێبەجێ کرا، بڕیارەکە لەلایەن جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە پێشنیار کرابوو، ئەمە جگە لەوەی ژمارەی قوتابییانی بیانیش لە پۆل سنووردار دەکات.