لە ئەنجامی سێ ڕووداوی تەقەکردنی جیاوازدا لە ئەفریقای باشوور، زیاتر لە 30 کەس کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون؛ بەوەش نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە لووتکە.
ئەمڕۆ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، پۆلیسی ئەفریقای باشوور بەدوای هەشت چەکداردا دەگەڕێت کە بە چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچە پەلاماری یانەیەکی شەوانەیان لە شارۆچکەی ڤێدێلا لە نزیک شاری جۆهانسبێرگ داوە، بەو هۆیەوە 17 کەسیان کوشتووە و 15 کەسی دیکەشیان بریندار کردووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە چەکدارەکان دوای تاڵانکردنی مۆبایلی هاووڵاتییان، بە دوو ئۆتۆمبێل هەڵاتوون.
هاوکات لە هەرێمی کەیپی ڕۆژاوای وڵاتەکە دوو ڕووداوی دیکەی تەقەکردن تۆمار کران؛ لە شارۆچکەی لواندلی چەکدارەکان لە شوێنێکی کاتبەسەربردندا دەستڕێژی گولـلەیان کرد و 10 کەسیان کوشت، کە پۆلیس هۆکارەکەی بۆ کێبڕکێ و ناکۆکیی بازرگانی گەڕاندەوە.
هەر لە هەمان هەرێم و لە شارۆچکەی خایێلیتسا، چوار کەسی دیکە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا و لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە، دەستڕێژی گولـلەیان لێ کرا و گیانیان لەدەست دا.
ئامارە فەرمییەکان دەری دەخەن کە ڕۆژانە بە تێکڕا 58 کەس لە ئەفریقای باشووردا دەکوژرێن. تۆڕە تاوانکارییە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان، سەرانەسەندن و ململانێی چەتەکان وایان کردووە سەرۆکی وڵات سوپا بۆ هاوکاریکردنی پۆلیس لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانەدا بەکار بهێنێت.
ئەفریقای باشوور ساڵانێکە بەدەست بەرزبوونەوەی بەرچاوی تاوانەکانی کوشتنەوە دەناڵێنێت؛ بێکاری، هەژاری و دەستڕاگەیشتنی ئاسان بە چەکی بێمۆڵەتیش، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناسەقامگیری و سەرهەڵدانی ئەو کوشتارە بەکۆمەڵانەن لەو وڵاتەدا.