سزای کەمکردنەوەی خاڵەکان بووەتە کابووسی نوێی یانەکانی ئینگلتەرا و لەم ساڵانەی دواییدا هاوسەنگی خوولەکانی 
شێواندووە.

لە کاتێکدا یاسا داراییەکان ملیان بە یانەکانی وەک وێگان، ڕیدینگ، ئەیڤەرتن، نۆتینهگام فۆریست و لیستەر سیتی کێشاوە و خاڵێکی زۆریان لەدەستداوە، چاوی هەموو جیهان لەسەر داهاتووی مانچستەر سیتی و چێڵسییە؛ دوو زەبەلاحەکەی ئینگلتەرا کە بە دەیان تۆمەتی قورسی دارایی ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەلامەتن و هیچ سزایەکیان بەسەردا نەسەپێنراوە! 


یاسای قازانجی بەردەوام (PSR) چییە؟

یاسای قازانجی بەردەوام بریتییە لە کۆمەڵە ڕێنماییەکی دارایی کە سنوورێک بۆ زەرەری دارایی یانەکان دیاری دەکات. ئامانج لەم یاسایە ئەوەیە یانەکان بەپێی توانای دارایی خۆیان خەرجی بکەن و بەرگری لە سەقامگیری خولەکە بگرن تاوەکو خانەی زیانەکان لە سنووری ڕێگەپێدراو تێنەپەڕێت. لە حاڵەتی تێپەڕاندنی ئەم سنوورانە، یانەکان تووشی سزای قورس دەبنەوە، وەک کەمکردنەوەی خاڵ یان سزای دارایی. 


وردەکاری سزای یانەکان لە خولە جیاوازەکانی ئینگڵتەرا


1. یانەی وێگان – (11 خاڵ)
سزاکان: لە وەرزی 2022/23دا 3 خاڵی لێ کەمکرایەوە، هەروەها وەرزی 2023/24ی بە ناقس 8 خاڵ دەستپێکرد. 

هۆکار: دواخستنی مووچەی یاریزانان و پێشێلکردنی سەرپێچییە داراییەکان. 


2. یانەی ڕیدینگ – (18 خاڵ)
لە نێوان وەرزەکانی 2021/22 تاوەکو 2023/24، بە کۆی گشتی 18 خاڵ لە ڕیدینگ کەمکراوەتەوە (12 خاڵ لە چامپیۆنشیپ و 6 خاڵ لە لیگ یەک): 


وەرزی 2021/22: 6 خاڵ (بەهۆی تێپەڕاندنی سنووری زیانی ڕێگەپێدراو). 

وەرزی 2022/23: 6 خاڵ (بەهۆی پابەندنەبوون بە بودجە و مەرجە داراییەکان). 

وەرزی 2023/24: 6 خاڵ (3 خاڵ بەهۆی دواخستنی مووچە و پابەندنەبوونی خاوەن یانەکە،2 خاڵ بەهۆی دواخستنی باج بۆ حکومەتی بەریتانیا، و 1 خاڵیش بەهۆی دواخستنی مووچەوە). 


3. یانەی ئەیڤەرتن – (8 خاڵ)
لە وەرزی 2023/24دا بەهۆی دوو کەیسی جیاوازی پێشێلکردنی یاسای قازانجی بەردەوام، بە کۆی گشتی 8 خاڵی لێ کەمکرایەوە (6 خاڵ لە کەیسی یەکەم و 2 خاڵ لە کەیسی دووەم). 


4. یانەی نۆتینهگام فۆریست – (4 خاڵ)

لە وەرزی 2023/24دا بەهۆی تێپەڕاندنی سنووری زیانی دارایی ڕێگەپێدراو، 4 خاڵی لە خولی نایاب لێ کەمکرایەوە. 


5. یانەی لیستەر سیتی – (6 خاڵ)

لە وەرزی 2025/26دا بەهۆی پێشێلکردنی یاسای قازانجی بەردەوام، سزای کەمکردنەوەی 6 خاڵی بەسەردا سەپێنرا.